یەکەمجارە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە دەوڵەتێکی گەورەی ئەتۆمی جەنگ دژی دەوڵەتێکی ئەوروپی رادەگەیێنێت. ئامانجی رووسیا بریتی نییە لە داننان بە هەرێمی دۆنباسدا وەک کیانێکی دەوڵەتی، یان خاکی نوێ بخاتە سەر وڵاتەکەی، بەڵکو بریتییە لە گۆڕینی رژێم لە کیێڤ و دروستکردنی رژێمێکی دیکە لە جێگەکەیدا، رژێمێک کە چیتر وەک مەترسی وێنانەکرێت لەلایەن مۆسکۆوە.
ئەوەی لە 24ـی شوباتی 2022 دا روویدا، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییە، چونکە 20 ساڵ دوای ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مۆدێلێکیان لە دەستێوەردانی سەربازی بەرهەمهێنا و هەموو ئەزموونەکانیشیان هەر لە ئەفغانستانەوە تا دەگاتە عێراق، شکستبوو، رووسیای ڤلادیمیر پووتین هەمان مۆدێل کۆپی دەکات و رێک وەک خۆی بەرهەمی دەهێنێتەوە. تاچەند رکابەرەکانی ئەم گەڕانەوە تووند و بەهێزەی رووسیا، بەتایبەتی یەکێتیی ئەوروپا، لە ساتەوەختێکدا کە ئەمریکا دەستبەرداری ستراتیژیەتی دەستێوەردانی سەربازی دەبێت، دەتوانن لە ئاستی بەرپرسیاریێتیی مێژووییاندا بن و لەگەڵ ئەم داتا تازەیەدا مامەڵە بکەن؟
رووسیای نوێ چی دەوێت؟
لە سەرەتای سەدەی نوێوە، ئەمریکییەکان ستراتیژییەتێکی نوێیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمی جیهانی دروستکرد و بۆ جێبەجێکردنیشی و لە تۆڵەی پەلامارەکانی 11ـی سێپتێمبەری 2001دا، دوو وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان داگیرکرد و کۆتاییان بە هەردوو رژێمی تاڵیبان و بەعس هێنا و دوو رژێمی دیکەیان، وەک ئەوەی کە خۆیان ویستیان، لە جێگاکانیاندا دانا.
لە مۆسکۆ، ئەو ئەکتەرانەی کە ستراتیژیەتە گەورەکانی وڵات دەستنیشان دەکەن، زۆر لە نزیکەوە چاودێریی چۆنیەتیی دروستکردن و دەقگرتن و جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییەتە نوێیەی ئەمریکایان دەکرد و لە چەندین ئاستیشدا پێی سەرسامبوون و وەک ئایدیاڵێکی قابیل بە کۆپیکردن تەماشایان دەکرد.
ئەمریکییەکان باسیان لە جەنگ دژی تیرۆریزمی گلۆباڵ دەکرد، بەڵام ستراتیژڕێژەکانی مۆسکۆ پێیانوابوو ناوەڕۆکە راستەقینەکەی ئەم ستراتیژییەتە نوێیە بریتییە لە گۆڕینی رژێمەکان لە رێگەی هێزەوە و پێیانوایە ساتەوەختی دەستپێکردنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1999 لە دژی سلۆڤۆدان میلۆسۆڤیچ لە سربیا و دواتر بە ئەفغانستان و عێراقدا تێدەپەڕێت و پاشان دەگات بە لیبیای قەزافی.
رووسیا هەر لە سەرەتاوە و بە تووندی دژایەتیی دەستێوەردانی لە سربیا و عێراقدا کردووە و نەک هەر هیچ جۆرە ئامادەییەکی دەرنەبڕیوە بۆ هاریکاریکردن، بەڵکو هەوڵیشیداوە کە روونەدەن. سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان و لیبیا، رووسیا بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام بەخێرایی پەشیمان بووەتەوە لە بێدەنگییەکەی و پێیوابووە کە نەدەبوو رێگە بدات ئەمریکا ئەو دوو رژێمە بگۆڕێت.
ئەم وشیاربوونەوە رووسییە وادەکات کە لە 2012 بەو لاوە، چیتر رێگەنەدات کە ئەمریکا یاری بەو رژێمانە بکات کە بە نزیکی مۆسکۆ ناسراون. لێرەوە رووسیا هەموو تواناکانی دەخاتەکار بۆ پارێزگاریکردن لە سووریای ئەسەد و رێگەنادات لەم وڵاتەدا هەمان ستراتیژییەت جێبەجێبکرێت و گۆڕانکاری بەسەر رژێمدا بێت. بەمشێوەیە چرکەساتی سووریا دەبێت بە سەرەتای کۆتاییهێنان بەو ستراتیژییەتەی کە لە رێگایەوە ئەمریکا داخڵ بە سەدەی نوێی بوو.
دژایەتیکردنی ئەم مۆدێلە لە دەستێوەردانی ئەمریکی بۆ گۆڕینی رژێمەکان، هاوزەمەنە لەگەڵ ماڵیکردنی هەمان ئەم مۆدێلە لەلایەن داڕێژەرانی ستراتیژیەتی رووسییەوە. ڤاليری گيراسيموڤ، سەرۆکی ئەرکانی سوپای رووسیا کە یەکێکە لە داڕێژەرە سەرەکییەکانی ستراتیژیەتی رووسی، بەوردی کاری لەسەر ئەم مۆدێلە نوێیەی جەنگ کردووە و لە یەکێک لە توێژینەوەکانیدا باسی لە جەنگی نا- شاقوڵی یان جەنگی هایبرید کردووە و پێییوایە ئەم جەنگە نوێیە بەم پرۆسێسانەدا تێدەپەڕێت: دروستکردنی هاوپەیمانییەکی جیهانی، فشاری ئابووری، دانوستان، دابڕانی دیپلۆماسی، دروستکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی دژ بەو رژێمەی کە دەبێت بگۆڕدرێت، پشتیوانیکردن لەو هێزە پارا-سەربازییانەی کە دژ بە رژێم دەجەنگن، پاشان تەعبیئەکردنی میکانیزمەکانی پەخشکردنی زانیاری بۆ ئامادەکردنی هەلومەرجی گۆڕانی رژێم.