بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی هەولێر لەڕێگەی 17 تیمی تەندروستییەوە کە لە 15 بنکەدا دەبن و هەروەها لەڕێگەی ژمارەیەک رێوشوێنی دیکەوە ئامادەکاری بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز و پێشوازیکردن لە گەشتیاران گرتووەتەبەر. هەروەها نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن لەڕێگەی ئێشکگری 24 کاژێری کراوە دەبن. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەولێر دەڵێت: "پلانێکی تۆکمەمان داناوە و تیمەکانمان کارمەندی تەندروستیی راهێنراویان بۆ فریاکەوتنی هەر حاڵەتێکی لەناکاو تێدایە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی ئاداری 2022، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بڵاویکردەوە، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ بەداواداچوون و چاودێریکردنی ناوەندەکانی تەندروستی لە رۆژانی پشووی جەژنی نەورۆز کە خزمەتگوزارییە پزیشکییە تەندروستیەکان پێشکێش دەکەن، بەمشێوەیەی خوارەوە:
1- نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن بەردەوام دەبن لە ئەرکیان لەڕێگەی ئێشکگری 24 کاژێری و بەردەوام بەڕووی هاووڵاتیان بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی تەندروستی کراوە دەبن.
2- سەنتەری هاوئاهەنگیی فریاکەوتن 122، بەردەوام 24 کاژێر لەسەر هێڵ دەبێت لەڕێگەی هێڵی ژمارەی "122" بۆ گەیاندنی تیمی پزیشکی بەهاناوەچوون بۆ هەر حاڵەتێک کە پێویستی بە تیمی پزیشکی هەبێت.
3- بەشی کردە پزیشکییەکان 10 تیمی پزیشکی و ئەمبووڵانسیان ئامادەکردووە لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری شاری هەولێر بۆ هەر حالەتێکی رووداو بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە نزیکەوە سوود لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی تەندروستی وەربگرن.
4- سەنتەری بانکی خوێن بەشێوەی ئیشکگری لەخزمەت هاووڵاتیان دەبیت بەشێوەی 24 کاژێر.
(تیمەکانی فریاگوزاری بەم شێوە دابەشکراون).
1- بازگەی هەولێر
2- هاوینە هەواری هەنارە
3- هاوینە هەواری دڵۆپە
4- بنکەی فریاگوزاریی شێراوە
5- سنووری شارۆچکەی مەخموور
6- پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان
7- هاوینە هەواری شێخ توڕاب
8- پارکی شانەدەر
9- بنکەی فریاگوزاریی خانزاد
10- هاوینە هەواری دووین
11- بنکەی فریاگوزاریی گۆمەسپان
12- بنکەی فریاگوزاریی خەبات
13- سنووری شەقڵاوە، 2 تیم
14- هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ
15- دەڤەری بارزان، 2تیم /مەیدانۆک - رێزان.
بژار موسا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "17 تیممان لە 15 بنکە دەبن کە کارمەندی تەندروستیی راهێنراویان تێدایە بۆ رووبەڕووبونەوەی هەر حاڵەتێکی تێکچوونی تەندروستی یان بەهۆی رووداوەکانەوە و ئەو کارمەندانە لەخزمەتی خەڵکی خۆجێیی و هەروەها ئەو گەشتیارانەش دەبن کە لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا دێنە هەرێمی کوردستان".