رەعد تەمیمى، سەرۆکى یەکێتیی کۆمەڵەی جووتیارانى دیالە دەڵێت، بەهۆى گرتنەوەى ئاوى رووبارەکانەوە لەلایەن ئێرانەوە نزیکەی نیو ملیۆن هاووڵاتى سەرچاوەی بژێوی خۆیان لەدەستدەدەن.
رەعد تەمیمى، سەرۆکى یەکێتیی کۆمەڵەی جووتیارانى دیالە ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-3-2022 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "کۆمارى ئیسلامى ئێران بەهۆى گرتنەوەى ئاوى ئەو رووبارانەى لە سنوورى وڵاتەکەیەوە دەڕژێنە نێو خاکی عێراق و دەگەنە دیالە، پارێزگاکەی رووبەڕووى وشکەساڵیی کردووەتەوە، هەربۆیە بەرهەمى کشتوکاڵى پارێزگاکە بەراورد بە ساڵانی رابردوو بۆ 10٪ کەمبووەتەوە." ئەو بەرپرسە ئەو کارەشی بە"پیلانگێڕی" ناوبرد.
جووتیارانی پارێزگاى دیالە پشت بە هەردوو رووبارى ئەڵوەند و دیالە دەبەستن بۆ ئاودانى زەوییە کشتوکاڵیەکانیان کە هەردووکیان لە سنوورى ئێرانەوە دێن و ئەمساڵ بڕى ئاوى ئەو دوو رووبارە زیاتر لە 70٪ کەمیکردووە.
رەعد تەمیمى ئاماژەى بەوە دا، ساڵى رابردوو داوایان لە پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە دانووستاندن لەگەڵ ئێران بکەن بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە، بەڵام داواکارییەکەیان بێ وەڵام بووە.
تەمیمى گوتیشى: "کەمى ئاوى رووبارەکان وادەکات زیان بە بژێوى ژیانى 500 هەزار هاووڵاتى دیالە بکەوێت کە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـى ئادارى 2022، جووتیارانى بەلەدرووز خۆپێشاندانیان دژى کەمبوونەوەی ئاوى رووبارەکان و زیانەکانی بە کەرتى کشتوکاڵ ئەنجامدا. سێشەممەى رابردوو 15ـى ئاداریش جووتیارانى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالە هەمان هەنگاویان گرتەبەر.
هەردوو قەزاى بەلەدرووز و شارۆچکەی عوزێم لە سنوورى دیالە بە چاندنى گەنم بەناوبانگن، قەزاى بەعقوبەش بە بەرهەمهێنانى مزرەمەنییەکان ناسراوە. بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق، پێنج ملیۆن دۆنم زەوى لە دیالە بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێندرێن، بەڵام بۆ ئەمساڵ و بەهۆى نەبوونى ئاوى پێویستەوە تەنیا یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆنم چێندراوە.
بە گوتەى سەرۆکى یەکێتى کۆمەڵەى جووتیارانى دیالە، ئەوە یەکەمجارە لەمێژوودا ئەو پارێزگایە تووشی دۆخى لەوجۆرە ببێتەوە، بۆیە پلانى هاوینە و زستانەى کشتوکاڵى جێبەجێناکرێت.