پێشبینی ده‌كرێت سبه‌ی هەینی 18ـی ئاداری 2022، شه‌پۆلێكی دیکەی به‌فربارین ئیستەنبووڵ بگرێته‌وه. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین ژمارەیەک گەشتی سبەی هەڵبوەشێنێتەوە.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كه‌شناسی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-3-2022 بڵاویكرده‌وه، پێشبینی ده‌كرێت رۆژی هەینی ، شەپۆلی سێیەمی به‌فربارینێكی چڕ ئیستەنبووڵ بگرێته‌وه.هه‌روه‌ها پێشبینیش دەکات كاریگه‌ریی شه‌پۆله‌كه تاوەکو رۆژی شه‌ممه 19ـی ئادار به‌رده‌وام بێت و نیوه‌ڕۆی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ش جارێکی دیکە به‌فر ببارێتەوە.
بەگوێری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كه‌شناسی تورکیا، بایەک کە خێراییەکەی 40-70 كیلۆمه‌ترە له كاژێرێکدا، پێشبینی دەکرێت لە ئاڕاسته‌ی باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئیستەنبووڵەوە هه‌ڵبكات.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی كه‌شناسیی تورکیا هۆشداری داوه به هاووڵاتییان له‌وه‌ی ئاگادار بن، چونكه به‌هۆی به‌فربارینه‌وه له‌وانه‌یه كێشه له هاتووچۆ رووبدات و رێگەوبان لە هەندێک شوێن بیبەستێت. لەوبارەیەوە کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین هەڵوەشاندنەوەی 57 گەشتیی ئاسمانی لە هەردوو فڕۆکەخانەکەی ئیستەنبووڵ بۆ سبەی هەینی راگەیاند.
شەپۆلی یەکەمی بەفربارینی ئیستەنبووڵ رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەستیپێکرد و سێ رۆژی خایاند، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا. رۆژی 11ـی ئادار شەپۆلی دووەم ئیستەنبووڵی گرتەوە و 486 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێندرانەوە.